بەش ٧
ئەوەی خودا لە ڕێگای پێغەمبەرەکانەوە بەڵێنی داوە
پێغەمبەرەکانی سەردەمە کۆنەکان نیشانیاندا باوەڕیان بە خودا هەیە. باوەڕیان بە بەڵێنەکانی دەکرد و ژیانیان بەو گوێرە بەڕێوە دەبرد. ئەو بەڵێنانە چی بوون؟
یەکسەر دوای ئەوەی ئادەم و حەوا لە عەدەن یاخی بوون، خودا بەڵینی دا کە ئەو کەسێک دیاری دەکا کە سەری مارەکە پان دەکاتەوە و بۆ هەمیشە لەناوی دەبا. ئەو مارە، واتە ئەژدیها گەورەکە «مارە دێرینەکە، کە بە ئیبلیس و شەیتان ناودەبردرێت» (پەیدابوون ٣:١٤، ١٥؛ ئاشکراکردن ١٢:٩، ١٢). ئایا دەبێ ئەو کەسە کێ بێ؟
نزیکەی ٢٠٠٠ ساڵ پاش ئەوەی یەکەم پێشبینی درا، یەهوە بەڵێنی بە ئیبراهیم دا کە ئەو کەسەی دێت لە نەوەی ئەو دەبێت. خودا بە ئیبراهیمی فەرموو: «لە نەوەی تۆشەوە هەموو نەتەوەکانی سەر زەوی بەرەکتدار دەبن، چونکە تۆ گوێڕایەڵی فەرمایشتەکانی من بوویت» (پەیدابوون ٢٢:١٨).
لە ساڵی ١٤٧٣ پ. ز خودا زانیاری زۆرتری سەبارەت بەو نەوەیە بە موسای پێغەمبەر دا. موسا بە ڕۆڵەکانی ئیسرائیلی وت: «یەزدانی خوداتان لە نێوانتان لە براکانتان پێغەمبەرێکی وەکو منتان بۆ دادەنێت، گوێی لی دەگرن» (دواوتار ١٨:١٥). کەواتە ئەو پێغەمبەرەی کە بەڕێوەیە وەک موسا لە نەوەکانی ئیبراهیم دەبێت.
پێغەمبەرەکە هەروەها لە نەوەی داودی پادشا دەبێت و خۆشی پادشایەکی گەورە دەبێت. خودا بەڵێنی بە داود دا: «ئەوەی دوای خۆت لەپشتی تۆوە دێت ... بۆ هەتاهەتایە تەختی پادشایەتییەکەی جێگر دەکەم» (٢ ساموئێل ٧:١٢، ١٣). خودا هەروەها ئاشکرای کرد کە وەچەکەی داود پێی دەوترێ میری ئاشتی «گەشەسەندنی سەرۆکایەتی و ئاشتییەکەی بێ کۆتایی دەبێت، لەسەر تەختی داود بەسەر شانشینەکەی پاشایەتی بە دادپەروەری و بە ڕاستودروستی لە ئێستاوە بۆ هەتاهەتایە» (ئیشایا ٩:٦، ٧). بەڵێ، ئەو ڕابەرە ڕاستودروستە ئاشتی و دادوەری لەسەرتاسەری جیهان چاک دەکاتەوە. بەڵام ئەو کەی دێت؟
جوبرائیلی فریشتە دواتر بە پێغەمبەر دانیالی فەرموو: «جا بزانە و تێبگە کە لە دەرچوونی بڕیارەکە بۆ نوێکردنەوە وبنیادنانەوەی ئۆرشەلیم، هەتا هاتنی پادشای دەستنیشانکراو، حەوت «هەفتە» و شەست و دوو «هەفتەی» پێ دەچێت» (دانیال ٩:٢٥). ئەو ٦٩ هەفتە ساڵانە، کە هەریەک ٧ ساڵ دەخایەنێ؛ کە سەرجەم ٤٨٣ ساڵ دەکات. ئەو سەردەمە لە ساڵی ٤٥٥ پ. ز تا ساڵی ٢٩ ز پێک هاتووە. a
ئایا دەستنیشانکراو، ئەو پێغەمبەرەی بە موسا دەچێ و ئەو «وەچە» یەی لە زۆر لەمێژە چاوەڕوانین بەڕاستی لە ساڵی ٢٩ ز هات؟ وەرن با سەیربکەین.
a سەیری بەشی ڕوونکردنەوەی زیاتر، ژمارەی ٢ لە لاپەرەی ٢٥٥ی پەرتووکی «هەتەهەتایە چێژ لە ژیان وەربگرە!» بکەن، کە لە لایەن شاهیدانی یەهوەوە چاپ کراوە.